چوارشەممە 27 کانوونی دووەم 2021

پەیامێك لە سەرۆك بارزانی  



بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، داعش دیاردەیەكە كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە و، شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە چونكە بەرەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە و، لایەنێكیش بە تەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت. ڕیشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە.

كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا.

مسعود بارزانی
٢٧ـی كانوونی دووەمی٢٠٢١