دووشەممە 2 تشرینی دووەم 2020

پەیامێك لە سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گشتیی كوردستان



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت و لەو هەموو قەیرانەی ڕووی لە وڵاتی ئێمە كردووە، بە پێویستی دەزانم داوا لە هەموو کوردستانییەک بکەم کە بە شێوەیەکی واقعی ڕووبەڕووی ئەم دۆخە نالەبارە ببنەوەوە و، لەئاست بەرپرسیارتی مێژووییدا بن و بەرەو ئاساییکردنەوە و نەهێشتنی گرژی و ناخوشییەکان هەنگاو بنێن. ئێستا كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ڕۆڵە دڵسۆزییەكانیەتی بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان لە ناخۆشی و پیلانەكان بپارێزن.

مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە.

بەڵام نابێت ئەم هەڵوێستەمان بە هەڵە لێک بدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەستەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بکرێت و هەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەلکی کوردستان بدرێت. نابێ هەڵوێستی حەرامكردنی شەڕی كورد و كورد بەوە لێكبدرێتەوە كە سەقامگیری و ئاساییشی شار و شارۆچکە و دێهاتەکانمان تێک بدرێت و هاووڵاتیانمان ناچار بکرێن ماڵ و شوێنەکانیان بە جێ بێڵن و ببنە قوربانی و بە ناحەق شەهید بکرێن و كەسیش دەنگ نەكات.

دوای هێرشی دڕندانەی تیروریستانی داعش، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ڕوویان كردە بەرەکانی شەری دژی تیروریستان و زۆر لە ناوچە سنوورییەکان چۆڵ کران. بە داخەوە لەو کاتەوە لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بکەن، چەکدارانی پەکەکە ئەم ناوچە سنووریانە و دواتر هەندێک ناوچەی تریش یان داگیر کرد و خویان وەک جێگرەوەی حکوومەت سەپاند و ڕێگریان لە خەڵک کرد ماڵ و دێهاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و ئەگەر سەردانی ناوچەکانیشیان بكەنەوە باج و سەرانەیان لێ وەر دەگرن. بێگوومان ئەم ڕەفتارانە جێگای قبووڵكردن نییە. هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانە و وڵاتپارێزانە بە کردەوە دیار دەکەوێت نەک بە قسە و وتار.

لێرەدا پێویستە بە بیریان بێتەوە کاتێک لە سەرەتای دەستکردن بە چالاکیەکانیان بوون، ئێمە هەموو جۆرە هاوکارییەکمان کردن. ئەوان بە پێچەوانەوە هەڵوێستێکی ناجوامێرانەیان نواند و دواتر لە چەندین قوناغدا شەڕیشیان بەسەردا سەپاندین و لە ئەنجامدا هەموو لایەک زەرەرمەند بوین.

باشترین هەڵوێست لەم کاتەدا ڕێز گرتنە لە دەستەڵاتی شەرعی و یاسایی هەرێم و هەروەها چۆڵكردنی هەموو ئەو ناوچانەیە کە لە ڕێگەی سەپاندنی هێزی چەکداری داگیر كراون و بونەتە جێگەی مەترسی بو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەدان گوند بەهۆی بوونی چەکدارەکانی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە و كراونەتە گوڕەپانی شەڕ و پێکدادان.

لێرەدا داوا لە هەمو لایەک دەکەم بو ئەوەی بارودوخی وڵاتەکەمان لەمە زیاتر تێک نەچێت و شوێنە وێرانکراوەکان ئاوەدان بکرێنەوە و ڕێ لە گرژیی زیاتر و ڕووداوی نەخوازراو بگیرێت پێویستە ڕێگە بە خۆسەپاندنی نایاسایی هیچ لایەک نەدەن و پشتیوانی لە خەبات و قوربانی پێشمەرگە و گەلی ستەملێکراومان بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەم قوناغەدا بن.

مسعود بارزانی
2ـی تشرینی دووەمی 2020