دووشەممە 28 ئازار 2022

پەیامێك لە سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گشتیی



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان و هێما باڵاكان بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە و بەزاندنی هێڵی سوورە و، زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو سووكایەتییە دەكەین كە شەوی ڕابردوو لە لایەن كەسێكەوە بە مەرجەعییەت كراوە. ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە نەشیاوانە هیچ پەیوەندییان بە گەلی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە. كوردستان خاوەنی فەرهەنگی بەرزی پێكەوەژیانە و، سووكایەتیكردن بە ڕەمز و موقەدەساتی خەڵك لەناو فەرهەنگی گەلی كوردستان هیچ كات جێگەی نەكردووەتەوە و جێگەی نابێتەوە. گەلی كوردستان ڕێز و پێزانینێكی زۆری بۆ مەرجەعییەت هەیە و پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتی و هاوسۆزیی نێوان بارزانیی نەمر و ئایەتوڵڵا حەكیم و شەهید سەدر گەواهییە بۆ ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییە دێرینە. ئەو كەسەش كە سووكایەتیی كردووە بە حوکمی یاسا گیراوە و سزای تاوان و زێدەڕۆیی خۆی دەداتەوە.

هەروەها زۆر بە توندی ئیدانەی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەكەین كە ئەوە بۆ دووەمین جارە لە لایەن كۆمەڵێك تێكدەر و شكستخواردوو ئەنجام دەدرێت و، ئەمە بەڵگەیە لەسەر بوونی پاشاگەردانی و نەبوونی سەقامگیری و ئاسایش و لە ڕاستیدا ئەو گرووپانەش جگە لە خەراپەكاری و تێكدان و ئاژاوە هیچی تریان لەدەست نەهاتووە.

مسعود بارزانی

٢٨ی ئاداری ٢٠٢٢