ھەینی 10 نیسان 2020

پەیامێك لە سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گشتیی



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ماوەی چەند ڕۆژە هەواڵێك لە ڕاگەیاندنەكان بڵاو بووەتەوە كە ژمارەیەك كەسی سەر بە هێزەكانی حەشد و پۆلیسی عێراقی لە نزیكە بازگەی پردێ دەستدرێژییان كردووەتە سەر ژنێكی كورد كە خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە خێزانێكی زۆر هەژار و بێدەستەڵاتی سنووری پارێزگای كەركووكە.

داوا لە حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێم دەكەم بە هاوبەشی لێكۆلینەوەی تەواو لەم تاوانە قێزەوەنە بكەن و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بێنە سزادان. ئەمە تاوان و ستەمێكی زۆر گەورەیە كە لە هاووڵاتییەكی بێپەنای كورد لەژێر سایەی ئیدارە و واقعی سەربازی سەپێندراوی كەركووك كراوە كە هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا ئەم دەستەڵاتە لەسەر ئەوە ڕاهاتووە لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە دژایەتیی هاووڵاتیانی كوردی كەركووك و مافەكانیان بكات.

با هیچ كەس و لایەنێك وا بیر نەكاتەوە كە تاوانی لەمجۆرە بەسەریاندا تێدەپەڕێ یان چاوپۆشییان لێ دەكرێ، ئەم دەستدرێژییە شكاندنی كەرامەتی هاووڵاتییانی نەك تەنیا كەركووك بەڵكو هەموو كوردە و، ئەنجامدەرانی ئەم بێویژدانییە دەبێ بە توندترین شێوە سزا بدرێن.

مسعود بارزانی
10ـی 4ـی 2020