سێشەممە 17 کانوونی دووەم 2023

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی یادی 24 ساڵەی دامه‌زراندنی كوردستان تی ڤی  



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


بۆ بەڕێزان سەرپەرشتیار و بۆردی بەڕێوەبردن و سەرجەم كارمەندانی خۆشەویستی دەزگەی سەتەلایتی کوردستان

بەبۆنەی 24 ساڵەی پەخشی كوردستان تی ڤی پیرۆزباییەكی گەرمتان لێدەكەم و هیوای بەردەوامیی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لەو ئەركە پیرۆزەتان كە خزمەتکردنە بە مێژوو و فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردستان.

جێگەی خۆشحاڵیە کوردستان تی ڤی هەر لەسەرەتای كاركردنیدا بە متمانە و ڕاستگۆیی ئەو ئەركەی لەسەرشانی بووه‌ جێبەجێی كردووه‌ و بووە جێگەی سەرنجی بینەرانی و هاووڵاتیان، هەروەها بووە پردێكی پەیوەندیی لەنێوان خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە.

پێویستە كوردستان تیڤی بە وزە و تینێکی زیاترەوە بەردەوام بێت لە پابەندبوون بە کوولتووری کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و پێکەوەژیان ئەویش له‌ژێر رۆشنایی رێبازی بارزانیی نەمر.

ئەو چاوەڕوانییە لە دەزگەی سەتەلایەتیی کوردستان هەیە کە وەک هەمیشە مینبەری هەموو خەباتگێڕ و هاووڵاتی و پێکهاتەکانی کوردستان بێت و بەشێوازی گونجاو گرنگی بە مێژووی خەباتی خەڵكی كوردستان و ئێستا و ئاییندەی میللەتەكەمان بدات.

هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم

مسعود بارزانی
17ی کانوونی دووەمی 2023