پێنجشەممە 6 ئەیلوول 2018

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی هەشتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەركەوتنی كۆنگرەی هەشتەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی كۆنگرەكە دەكەم و هاوكاتیش پیرۆزبایی لە هەموو ئافرەتانی كوردستان و ئەندام و كادیرانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دەكەم.

بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەركردایەتیی پێشووی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بكەم و پیرۆزباییش لەو خوشكە بەڕێزانە دەكەم كە متمانەی كۆنگرەی هەشتەمیان پێ بەخشراوە بۆ سەركردایەتیكردنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان.

دڵنیام كە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەر وەك قۆناغەكانی پێشووتری خەباتی گەلەكەمان ڕۆڵێكی كاریگەری دەبێت لە بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەرگریكردن لە ماف و داخوازییەكانی ئافرەتان. لە قۆناغی ئێستادا ئەركی ئێوە لەڕووی هۆشیاریی نیشتیمانی و پێگەیاندنی ئافرەتان و داكۆكیكردن لە مافە مەدەنی و سیاسییەكانی ئافرەتان زۆر گرنگە و دەبێ لە ئاراستەی بەهێزكردنی كوردستان و بەشداریكردنی كارای ئافرەت لە ژیانی گشتیی كۆمەڵگەی كوردستاندا بێت.

هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم

مسعود بارزانی

6ـی 9ـی 2018