سێشەممە 24 تەمووز 2018

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ شەشەمین کۆنگرەی یەکیتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان



ڕۆژی سێشەممە ۲٤ـی ۷ـی ۲٠۱۸ لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەشەمین کۆنگرەی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان دەستی بەکارەکانی کرد.

سەرۆک مەسعوود بارزانی پەیامێکی ئاراستەی کۆنگرەکە کرد کە لە لایەن مامۆستا مەلا عەبدوڵلا سەعید وەیسی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان خوێنرایەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

مامۆستایانی ئایینیی بەڕێز

ئەندامانی شەشەمین كۆنگرەی یەكێتیی زانایانیی ئایینی

میوان و ئامادەبووانی خۆشەویست

سڵاوی خوداتان لێ بێت..

بەبۆنەی بەستنی شەشەمین كۆنگرەی یەكێتیی زانایانیی ئایینی دەستخۆشی لە یەكێتیی زانایانی ئایینیی كوردستان و هەموو مامۆستا بەڕێزەكان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

ڕۆڵ و كاریگەریی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان لە  پارێزگاریكردن لە ڕەسەنایەتی و ڕەوشتبەرزی و خواناسی و نیشتیمانپەروەری و پاراستنی پێكەوەژیان و تەباییدا ڕۆڵێكی پڕشنگدار و بەرچاوە و جێگەی پێزانینە و لە مێژووی گەلەكەماندا هەمیشە بە بەرزی یاد دەكرێتەوە. جگە لەوەیش بەشی هەرە زۆری شۆڕشەكانی گەلەكەمان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ڕزگاربوون لە داگیركاری لەسەر دەستی زانایان و گەورە پیاوانی ئایینیی گەلەكەمان بووە و ئەوە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر پێگە و سەرقافڵەبوونی زانایانی ئایینی لە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان.

چەكهەڵگرتنی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕشەكاندا وانەیەكی گرنگ بوو بۆ هەموومان كە ئازادیخوازی و بەرگریكردن لە خاك و نیشتیمان نەك تەنیا ئەركێكی نەتەوەیی بەڵكو ئەركێكی ئایینییش بووە.

ئامادەبووانی بەڕێز

لە قۆناغی ئێستادا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە ژیانی كۆمەڵگەدا ڕۆڵێكی گرنگ و یەكلاییكەرەوەیە بە تایبەت كە پەتای تیرۆر و توندڕۆیی و تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و هەروەها دەركەوتنی تاییفەگەری لە عێراق و ناوچەكەدا هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر پێكەوەژیان و لێبوردەیی و پەیامی ئاشتیخوازانەی ئایین. وشككردنی ڕەگوڕیشەی هزری تیرۆر و شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆر بە دەرەجەی یەكەم ئەركی ئێوەی بەڕێزە. هەموو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەكانی هزری تیرۆر و كاركردن بۆ تەبایی ئایینی و مەزهەبی چاویان لە هیمەت و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینییە و ئەوەی تا ئێستا لەو بوارەدا ئەنجامتان داوە جێگەی دەستخۆشییە.

لەگەڵ ئەوەیشدا ئەركی پارێزگاری لە باوەڕ و دینداری لەسەر بنەمای زانستی و پەروەردەیی و هەروەها قووڵتركردنی خۆشەویستیی خاك و نیشتیمان لەسەر شانی ئێوەی بەڕێزە. لەو كەشە ئاڵۆز و پڕ لە تەحەدییاتەی ئێستادا نابێ ڕێگە بدرێ كە هزر و فەرهەنگی نامۆ كە دژی دینداری و نیشتیمانپەروەرییە هزر و هۆشی كۆمەڵگە داگیر بكات.

بەڕێزان..

هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی لای هەر كەسێك و بە هەر بیانوویەك خەلەلی تێبكەوێت نابێ لای زانای ئایینی بە قەدەر زەررەیەك خەلەل و كەمتەرخەمی تێ بكەوێت چونكە ئێوە سەرچاوەی ئیلهامن بۆ هەموومان و گەلی كوردستان لە زانایانی ئایینی فێری خۆڕاگری و پشوودرێژی و فیداكاری و ورەبەرزی لە خەبات و كۆڵنەدان بوونە. بۆیەشە جەنابی بارزانیی نەمر یەكێتیی زانایانی دامەزراند چونكە زۆر باش دەیزانی زانایانی ئایینی شوورەی پۆڵایینی گەلن بۆ بەرگریكردن لە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەییەكانی كورد. ئەركی ئێوە ئەركێكی پیرۆزە و ئەندامبوون لە یەكێتی زانایان شەرەفێكی گەورەیە.

هەر بەو بۆنەیشەوە بە پێویستی دەزانم كە داوا لە هەموو مامۆستایانی بەڕێز بكەم كە ڕێگە نەدەن خیلافاتی بچووك ببێتە هۆی ناكۆكیی گەورە و لێكترازانی نێوان مامۆستایانی بەڕێز چونكە ئەوە بەشێوەیەكی سلبی كاریگەری لەسەر بنەماكانی ئایینداری و پەروەردەی دواڕۆژی گەلەكەمان دەبێت. پێویستە ئەولەویەتی و خەمی سەرەكیی ئێوە ئاییندە و بەرژەوەندییەكانی وڵات و هزری گەنجەكانمان بێت ئەویش بەپێی ئەجیندایەكی ڕەسەنی ئایینی و خۆماڵیی كوردستانی نەك ئەجیندای هاوردە كە ڕێز لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان ناگرێت.

یەكێتیی زانایانی ئایینی لەپێناو ئێوە و لەپێناو دینداری و بەرژەوەندییەكانی نیشتیمان دامەزراوە و پێویست دەكات ئێوەی بەڕێز بە بەرنامە و پڕۆژەی تێروتەسەل قورسایی ئەو ئامانجە پیرۆزە بپارێزن كە یەكێتیی زانایان لە پێناویدا دامەزراوە.

لەكۆتاییدا هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم، هیوادارم كۆنگرەكەتان سەركەوتوو بێت و بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنگرەكەتان زۆر باشتر لە خزمەتی ئایین و گەل و وڵاتەكەمان بێت. منیش بە هەموو توانایەكەوە پاڵپشتی ئێوە دەمێنمەوە و بەوە سەربەرزم كە لە خزمەتی مامۆستایانی ئایینیدا بم.

و السلام علیكم و رحمه الله و بركاتە

مسعود بارزانی

24ـی 7ـی 2018بەناو