سێشەممە 9 حوزەیران 2020

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی کارەساتی بۆمبارانی زێوە  



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ سی و پێنج ساڵ بەسەر بوردومانی (ئۆردوگای زێوە) تێدەپەڕێت. لە 9ـی حوزەیرانی 1985ـدا ڕژێمی بەعسی عێراق بە هەشت فڕۆكەی سیخۆ ئۆردۆگای بە شێوەیەكی دڕندانە پەنابەرانی زێوەی بوردومان كرد و ژمارەیەكی زۆر ژن و منداڵی بێ تاوانی شەهید كرد.

كارەساتی زێوە یەكێكە لە لاپەڕە ڕەشەكانی دەوڵەتی عێراق و هیچ كاتێك لە یاد ناچێت. ڕژێمی بەعس بە ئەنفال و گرتن و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان نەوەستا و تاوانی دڕندانەی زێوەشی ئەنجام دا. هەر كەسێك ناڵەی برینداران و جەستەی لەتلەتكراو و سووتاوی شەهیدانی زێوەی دیتبا، زۆر بە باشی دڕندەیی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق و مەزڵوومییەتی گەلی كوردستانی بۆ دەردەكەوت. لە هەمانكاتیشدا، خۆڕاگری و قارەمانێتیی پەنابەرانی زێوە و دایكە ئامینا و سەدان نموونەی تری گەلی كورد، پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەك كە دوژمن چەندە دڵڕەق و پڕچەكیش بێت ناتوانێ ڕێ لە ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كورد بگرێ و سەرشۆڕ و تێكشكاو دەمێنێتەوە.


لەو یادە دڵتەزێنەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی سەربەرزی زێوە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سڵاو بۆ گیانفیدایی و ئازایەتیی گەلی كوردستان.

مسعود بارزانی
9ـی 6ـی 2020