یەکشەممە 17 تشرینی یەکەم 2021

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ جەماوەری پارتی لە شنگال و پارێزگای نەینەوا  



بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەبۆنەی سەرکەوتنی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا و دەڤەری شنگال، پیرۆزبایی لە ئەندام و لایەنگران و ڕێکخستنەکانی لقی ۱۷ و لقی ۱٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم. دەستخۆشی ماندووبوون و پابەندبوونیان لێ دەکەم کە بوونە هۆی سەرخستنی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەم دەڤەرەدا.

هەروەها سوپاس و پێزانینی تایبەتم هەیە بۆ خۆڕاگری جەماوەری دەشتی نەینەوا و دەڤەری شنگال و خوشک و برا ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی تر کە وەڵامی هەڵوێست و قوربانیدانی پارتیان دایەوە، و پەیامێکی روون و ئاشکراشیان دا بە هەموو لایەک کە ئەوان کێیان دەێت و چیان دەوێت.

دڵنیاشیان دەکەمەوە کە پارتی لەگەڵ کۆتایهێنانی ئازار و نەهامەتی خەڵکی ئەم ناوچانە دایە و، وەک هەمیشە پاڵپشت و پارێزەری ماف و ژیان و سەربەرزییان دەمێنێتەوە.

مسعود بارزانی
۱۷ی تشرینی یەکەمی ۲٠۲۱