پێنجشەممە 11 ئازار 2021

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی پەنجا و یەك ساڵەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بەرزی یادی پەنجا و یەك ساڵەی ڕێككەوتننامەی ئاداری ١٩٧٠ دەكەینەوە كە بەرهەمی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو. گرنگیی ڕێككەوتنی یازدەی ئادار لەوەدا بوو كە بۆ یەكەم جار بوو حكوومەتی عێراق بە شێوەیەكی فەرمی دان بە بەشێك لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستاندا بنێت و، ئەوەش سەلمێندرا دەستەڵاتدارانی عێراق لە ڕێگەی چەك و زەبروزەنگەوە ناتوانن ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن. بەرخودان و قوربانیدانی پێشمەرگە و یەكڕیزیی شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەران بە سەركردایەتیی بارزانیی نەمر بوو، حكوومەتی ئەو كاتی عێراقی ناچار كرد بێتە سەر مێزی دانوستان و ماف و دەستكەوتێكی مێژوویی بۆ گەلەكەمان تۆمار بكرێت.

ئەگەرچی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار دواجار لە لایەن ڕژێمەوە پێشێل كرا بەڵام ئەو دەستكەوتە دەروازەیەك بوو بۆ قۆناغ و هەنگاوی گەورەتری خەباتی گەلەكەمان و بەدیهێنانی دەستكەوت و سەركەوتنی زیاتر.

لەو یادە پیرۆزەدا لە كاتێكدا كە جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازیی و پێكەوەژیان و دیالۆگی گەلی كوردستان دەكەینەوە، بە بیر هەموو لایەكیش دەهێنینەوە، نكۆلیكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی ڕێككەوتن و بنەما دەستووری و یاساییەكانی پەیوەست بە مافەكانی گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ئیرادەی گەلەكەمان بۆ وەرگرتنی مافە ڕەواكانی ناشكێنێت. گەلی كوردستان ئەزموونێكی دوورودرێژی خەبات و هۆشیاریی و كۆڵنەدانی هەیە و زۆر بە باشی مافەكانی خۆی دەناسێت و دەستبەرداری نابێت.

مسعود بارزانی
١١ـی ئاداری ٢٠٢١