پێنجشەممە 27 ئەیلوول 2018

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی پەنجا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان



بەناوی خودای بەخشندە ومیهرەبان

بەبۆنەی پەنجاوپێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و ستاڤی ئێزگەی دەنگی كوردستان و هەموو ئەو خەباتگێڕانە دەكەم كە لە قۆناغەكانی ڕابردوودا لە دەنگی كوردستاندا دەنگی ڕەسەنایەتی و شۆڕشگێڕی و خەباتی گەلی كوردستان بوونە.

ئێزگەی دەنگی كوردستان یەكەم دەنگی ڕەسەنی كوردایەتی ونیشتیمانپەروەری و دژایەتیكردنی دیكتاتۆریەت بوو. ئەو ئێزگەیە سەرچاوەی ئیلهامی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی بوو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و خەباتگێڕان و ڕێكخستنە حزبییەكان و هەموو چینوتوێژەكانی گەلی كوردستان و ڕۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە گەیاندنی پەیامی شۆڕش و دەنگی ڕەوای گەلەكەمان بۆ كوردستان و ناوچەكە و جیهان.

ڕۆڵی ئێزگە تێكۆشەرەكەی دەنگی كوردستان لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك هەرگیز فەرامۆش ناكرێت و هیوادارم ئێستایش بە گڕ وتینێكی زیاتر بەردەوام بێت لە گەیاندنی دەنگی ڕاستگۆیی و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتنەكانی میللەتەكەمان و پێشخستنی كولتوور و پێكەوەژیان و نیشتیمانپەروەری لەناو خەڵكی كوردستاندا.

ئومێدی سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی

27ـی 9ـی 2018