دووشەممە 31 کانونی یەکەم 2018

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵك و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بۆ گەلەكەمان.

بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم كە لە ساڵانی ڕابردوودا بە قوربانیدان و خۆڕاگری، لەبەرانبەر هەڕەشەكان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستانەوە و دەنگی ڕەوا و ئاشتیخوازانەی خۆیان بە هەموو جیهانیان گەیاند و، بەسەر پیلان و حەزی نەیارانیشدا سەركەوتن.

ئێستا گەلەكەمان لە قۆناغێكی تازەدایە و پێویستی بە پاراستنی دەستكەوتەكان و بەهێزبوون و بووژانەوەیە، ئەویش بۆ گەییشتن بە ئامانجە بەرزەكان و ئەو بەها باڵایانەی كە گەلەكەمان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە و قوربانی داوە. لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوویشدا گەلی كوردستان لە مومارەسەیەكی دیموكراتیانەدا ویستی خۆی بۆ گۆڕانكاری و كوردستانێكی بەهێز دووپاتكردەوە و پێویستە ئەو ویست و متمانەیەی گەل لە چوارچێوەی حكوومەتێكی كارا و بەهێزدا جێبەجێ بكرێت.

بە درێژایی خەباتی خۆی گەلی كوردستان هەمیشە لایەنگری ڕێكاری ئاشتیانە و دیالۆگ بووە و ئێستایش ئەوە دووپات دەكەینەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا بژاردەی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن دەگرینە بەر.

لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم كە لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا نیگەرانیی خۆم ڕابگەیێنم، هیوادارم پێشهاتەكانی سووریا و ئەو گۆڕانكاریانەی لەوێ لە ئارادان نەبنە هۆی ئازار و ئاوارەبوون و نەهامەتیی زیاتر بۆ گەلی كورد لە سووریا. بە دڵنیاییەوە بوونی توندوتیژی و ئینكاركردن كێشەكان زۆر لەوەی ئێستا هەیە قووڵتر دەكاتەوە.

پێویستە هەموو لایەك بە باشی لەوە بگات كە ناوچەكەمان چیتر بەرگەی ئەو هەموو كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری و كەڵەگایی ناگرێت و ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش سنوورێك بۆ ئەو ناسەقامگیرییخوازییە دابنێت و چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەكە و خەڵكی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانكاری نەبن و ئازار نەدرێن.

لەساڵی تازەدا بەهیوای ئەوەی ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و،

ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان دەخوازم.

مسعود بارزانی

31ـی 12ـی 2018