پێنجشەممە 15 ئاب 2019

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی حەفتاوسێ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان



 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان


بەبۆنەی شانزەی ئاب، حەفتاوسێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. هەروەها، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵکی كوردستان دەكەم‪.‬


پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییكردن لە مافە ڕەواكانی گەلەكەماندایە و لە پێناو سەرفرازی و ئازادیی گەلەکەماندا، هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان، قوربانی زۆری داوە‪.‬


پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سیاسەتێکی ڕاست و دروست و ڕاشکاوانەوە خەباتی کردووە و ئامانجی ستراتیژی دەستنیشان كردووە و تا ئەمڕۆش بەپێڕەوی کردن لە ڕێبازی بارزانی، وەک ڕێگەی ڕاستی کوردایەتی، لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگە.


لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم، جارێکی دی سوپاسی خۆڕاگری و كۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم. پشتیوانی و خۆڕاگریی ئێوەی ئازیز، سەرمایەی لەبننەهاتووی پارتییە و هێزی زیاترمان دەداتێ و هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان، پتەوتر دەکات.

 

 سڵاو لە گیانی پاكی شەھیدان، سڵاو لە پێشمەرگە، بژی كوردستان

هەمیشە شاد و سەرفراز بن

 


مسعود بارزانی
١٥ـی ئابی ٢٠١٩