چوارشەممە 5 ئەیلوول 2018

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ خەڵكی شاری بەسڕا



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە ڕووداوەكانی شاری بەسڕا و گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵكی ناڕازیی و پێشهاتەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەو شارە زۆر نیگەرانین، هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری قوربانیان دەكەم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم.

 لەگەڵ ئەوەی خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بە مافی خەڵك دەزانین لە هەمانكاتدا پێمانوایە خەڵكی ئەو شارە مافی خۆیانە لە ژیانێكی شاییستەدا بژیین. جێی سەرسوڕمانە كە لە دەوڵەمەندترین شاری دونیادا خەڵك بە دەستی كێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بناڵێنێت و ئەو مەحروومیەت و پشتگوێخستنە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.

ئێمە هەرگیز لوتف و گەرمی و موحەبەتی خەڵكی بەڕێزی شاری بەسڕا لەیاد ناكەین كاتێك بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بارزانیی نەمر و یاوەرانی كرد كە لەبەر خەباتیان لەدژی ستەم و جیاكاری بۆ ساڵانێكی درێژ پەنایان بۆ یەكێتی سۆڤییەت بردبوو. بۆیە لێرەدا هاوسۆزیی و پشتیوانیی خۆمان بۆ هاووڵاتیانی شاری بەسڕا ڕادەگەیێنین و هیوادارین ڕێز لە مافەكانیان بگیرێت و داخوازییەكانیان جێبەجێ بكرێن كە لە ڕاستیدا ئەو داواكارییانە سادەترین مافە كە پێویستە هەر مرۆڤێك هەیبێت. داوا لە خەڵكی بەڕێزی شاری بەسڕا دەكەم كە بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك نەكەوێتە مەترسی خۆپێشاندانەكان ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بن. بە دڵنیاییەوە خەڵكی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ هاووڵاتیانی شاری بەسڕا درێخی ناكەن.

مسعود بارزانی

5ـی 9ـی 2018