سێشەممە 14 نیسان 2020

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی لە سی و دووەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفال



بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

لە سی و دووەمین ساڵەی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال لە دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەماندا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفال دەكەین.

ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و دۆزینەوە و هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەنجامێکی وای نەبووە. بۆیە دیسانیش جەخت دەکەینەوە کە پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام و هەروەها دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات و، ڕوفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفالیش بگەڕێندرێتەوە خاكی نیشتیمان.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی قوربانییانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان

مسعود بارزانی
١٤ـی٤ـی٢٠٢٠