یەکشەممە 23 ئەیلوول 2018

بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، لە شاری سلێمانی ئاهەنگی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە لیستی 183ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو



سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆراگری و دڵسۆزی و فیداكاریی خەڵكی شاری سلێمانی كرد و ڕایگەیاند، دەبێ قۆرخکردنی دەسەڵات لە هەموو شوێنێک کۆتایی بێت، مەعلوومیشە لە کوێ قۆرخکردنی دەسەڵات هەیە، ئێمە دەمانەوێ دەوڵەتی یاسا دابمەزرێ و هاووڵاتییان یەکسان بن و هەموویان بە مافەکانیان شاد بن و میزاجی شەخس تەحەکوم بە چارەنووسیان نەکات. مەحاڵە قەبوڵ بکرێ جارێکیتر تەعەدا لە خەڵكی هەژاری ئەم دەڤەرە بكرێت.

ئەم وتانەی سەرۆك بارزانی لە ئاهەنگێكی جەماوەریدا هات كە رۆژی یەك شەممە 23ـی ئەیلوولی 2018 لە شاری سلێمانی بۆ پشتیوانی لە لیستی 183ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو.

لەو ئاهەنگە جەماوەرییەدا كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە سنوری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگاری سلێمانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، سەرۆك بارزانی رایگەیاند، چەند ڕۆژێکمان ماوە بۆ هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز هەڵبژاردنێک کە ئەگەر خوا فورسەتی دا و پارتی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، گۆڕانکارییەکی گەورە و چاکسازییەکی گەورەش دەکات.

سەرۆك بارزانی هەروەها رایگەیاند: سوپاس و پێزانینی خۆم و هەموو هەڤاڵانم لە سەرکردایەتیی پارتی بۆ پارتییەکانی ئەم دەڤەرە، چونکە زۆر چاک ئێمە ئاگاداری موعاناتی ئێوەین، هەر لە زەمانی زەعیم سدیقەوە تا ئەمڕۆ، تیرۆر و تۆقاندن و بێبەشکردن بەشی ئێوە بووە لەم دەڤەرە، بەڵام خۆڕاگر بوون و هاتووین لە ئێوە فێری خۆڕاگری ببین، خۆڕاگریی ئێوە جێگەی شانازییە و شانازیتان پێوە دەکەین. دەبێ کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بێت.

لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا سەرۆك بارزانی باسی پرسی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردی كرد رایگەیاند: باسی ناوماڵی کوردی و یەکڕیزی زۆر دەکرێت، بەڵێ وابزانم هەمووتان ئەو شایەدییەمان بۆ دەدەن کە هەرچی لە تواناماندا بووە، کردوومانە بۆ ئەوەی ناوماڵی کورد یەک بێ و پارێزراو بێ، بەڵام ئەوە دەبێ بە هەمووان بکرێ، ئێمە ستراتیژ و ئامانجی خۆمان هەیە، کێ لەگەڵمان هاوڕا بێت، لەگەڵیدا تەباین و یەکماڵین، ئەوانەی دژی ئەو ئامانجە بن، زەحمەتە یەکڕیز و یەکماڵ بین.

سەرۆك بارزانی ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستانیشی ڕوونكردەوە و ڕایگەیاند: ئێمە خاوەن قەزیەیەکی رەواین، ئێوە سەلماندووتانە کە لە پێناوی ئەو ڕێباز و قەزیەیەدا ئازیزترین کەسانی ئێوە و ئێمە گیانی خۆیان بەخت کردووە، ئەویش نیشتمانە، کوردستانە.

سەرۆك بارزانی رووی لەهاووڵاتیانی سلێمانی كرد و رایگەیاند: ئێوە خۆشەویستی ئێمەن، زۆر چاک لە موعاناتی ئێوە تێدەگەین، بەڵام ئیشەڵا دوای ٣٠ـی ئەیلوول، ئیتر کۆتایی بەو مەیەنەتیانە دێت.