شەممە 21 ئەیلوول 2019

بروسكەی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان



بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەبۆنەی چل و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و مامۆستایان و هەموو گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكەم.

دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی كاریگەر بوو بۆ یەكخستن و پەرەپێدانی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی خەڵك و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و خواناسی لە كوردستان. مامۆستایانی ئایینی لە هەموو قۆناغەكاندا ئەو ڕۆڵەیان زۆر بە شاییستەیی گێڕاوە و ئەرك و ماندووبوونیان جێگەی ڕێزی هەموو لایەكە.

پێزانینم هەیە بۆ هەڵوێست و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینیی بەڕێزی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و گومڕایی و، هەروەها پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و دەستخۆشییان لێ دەكەم.

لەو بۆنەیەدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو مامۆستا و گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەخوازم و خودای مەزن پشت و پەنای هەموومان بێت.

مسعود بارزانی

21ـی 9ـی 2019