پێنجشەممە 20 کانونی یەکەم 2018

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەم دوایەی سووریا و بە تایبەت بارودۆخی گەلی كورد لەو وڵاتە جێگەی نیگەرانین. پێشتریش لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا و ئەو بارودۆخەی لە ڕۆژئاوا دروست بووە، تێبینی و نیگەرانیی خۆمان ڕاگەیاندووە و نەدەبوا بەم حاڵەتەی ئێستا بگات.

ژمارەیەكی یەكجار زۆری هاووڵاتیانی كوردی سووریا لە ژیانی ئاوارەییدا دەژیین و پەلاماری تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی نالەباری سیاسی و هەڕەشەكانی تر لە ساڵانی ڕابردوو، خەڵكی كوردی لە سووریا زۆر ئازار داوە، و هێشتا شەڕی داعشیش تەواو نەبووە.
هیوادارم ڕووداوەكانی ئەم دواییە و پێشهاتە تازەكان، نەبێتە هۆی ئەوەی توندوتیژی و شەڕ پەرە بستێنێت و، چیتر هاووڵاتیان و گەلی كورد لە سووریا ئازار و نەهامەتیی زیاتر نەبینن.

مسعود بارزانی

20ـی 12ـی 2018