یەکشەممە 27 کانوونی دووەم 2019

شای ئۆردۆن پێشوازی لە سەرۆك بارزانی دەكات



لە چوارچێوەی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ شانشینی ئۆردۆن كە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شای ئۆردۆن ئەنجام درا، ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 27ـی 1ـی 2019 شا عەبدوڵڵا پادشای ئۆردۆن لە كۆشكی حوسەینیە لە عەممانی پایتەختی ئۆردۆن پێشوازی لە سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی و عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان.

لە دیدارەكەدا كە ئەمیر فەیسەل بن حوسێن برای پادشای ئۆردۆن و ڕاوێژكاری شا و سەرۆكی نووسینگەی شاهانە و سەرۆكی ئەركانی هاوبەش و بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئۆردۆن ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن و هەروەها پەیوەندییەكانی هەرێم و ئۆردۆن و عێراق و جەخت لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە.

هاوكاری و هەماهەنگی بۆ سەقامگیری و پێشكەوتن و ئاساییشی ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لەو سەردانەی سەرۆك بارزانی ئێوارەخوانێك لەسەر شەرەفی سەرۆك بارزانی لە لایەن شای ئۆردۆن ڕێكخرا.