چوارشەممە 9 تشرینی یەکەم 2019

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر کرد



ڕۆژی چوارشەممە ٩ـی١٠ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا لەبارەی دۆخی سووریا و ئەگەری ڕوودانی شەڕ و کارەسات گفتوگۆی ورد و ڕاشكاوانە کرا و سەرۆک بارزانی جارێکی تر نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ئەگەری ڕوودانی کارەسات بۆ کوردی سووریا دەربڕی و داوای کرد ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ پاراستنی گەلی کورد ڕۆڵی خۆیان ببینن.

سەرۆک بارزانی لەو دیدارەدا ڕوونی کردەوە کە گەلی کورد لەچوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردا قوربانی زۆری داوە و ئێستا چاوەڕوانیمان لە ئەمەریکا و هاوپەیمانان و کۆمەڵی نیودەوڵەتی هەیە ڕێگە نەدەن بە بەرچاوی ئەوانەوە گەلی کورد توشی کارەساتی تر بێت و لەو بارەیەوە بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان.

هەر لە دیدارەکەدا باسی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکانی عێراق کرا و سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین داواکارییە شەرعییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن، لە هەمانکاتدا دژی ئەوەین بەرپرسیارێتیی گەندەڵییەکانی ڕابردوو بخرێتە ئەستۆی حکوومەتی ئێستا و کەسانێکی هەلپەرست کە خۆیان بەرپرسی دۆخەکەن، ئێستا بۆ دژایەتیی سەرۆکوەزیران بیانەوێ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و لەوبارەیەوە پشتیوانیی خۆی بۆ حکوومەتی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی دووپات کردەوە.