شەممە 20 تشرینی یەکەم 2018

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە نووسەر و ڕۆشنبیر، جان دۆست کرد



ڕۆژی شەممە ٢٠ـی١٠ـی٢٠١٨ لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە نووسەر و ڕۆشنبیری ناسراوی کورد، جان دۆست کرد.

لە دیدارەکەدا، جان دۆست خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری سەرۆک بارزانی پێشان دا و ڕایگەیاند کە ئێستا هەموو گەل بە چاوی ئومێد و هیواوە دەڕوواننە سەرۆک بارزانی و بۆ ئەوە هاتووە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی جەنابیان بگرێت.

لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی، وێڕای بەخێرهێنان، دەستخۆشیی لە جان دۆست کرد بۆ ئەو ڕۆڵەی لە بواری فەرهەنگییدا گێڕاویەتی و بەرهەمی بەهاداری خستۆتەڕوو.

سەرۆک بارزانی کورتەیەکی مێژوویی لەسەر خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان و ڕیفراندۆم و ١٦ـی ئۆکتۆبەر و داستانەکانی پردێ و سحێلا باس کرد و ڕایگەیاند: دوژمنان بەدرێژایی مێژوو هەموو توانای سەربازییان بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی گەلەکەمان تەرخان کرد و شکستیان هێنا، ئێستا کار لەسەر شکاندنی ئیرادە و نەهێشتنی باوەڕبەخۆبوون لای تاکەکانی گەلەکەمان دەکەن و دەیانەوێ وای لێ بکەن خۆمان بە شیاوی ئازادی نەزانین، بەداخەوە لەوەشدا هەندێ بەناو ڕۆشنبیر و لایەنی سیاسی، بوونەتە بەشێک لەو پیلانە و خزمەتی ئامانجەکانی دوژمنان دەکەن.

سەرۆک بارزانی ڕوونیشی کردەوە: هەر لە دوای زەوتکردنی خاک و ئازادیی گەلەکەمان، دەیانساڵە ڕۆشنبیرانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز، ڕێگەیان نەداوە کولتور و فەرهەنگ و زمانی کوردی و هەستی ئازادیخوازی لەناو بچێت، ئێستایش ڕۆڵی ئێوەی نووسەر و ڕۆشنبیرانە کە شوێنکەوتووی ڕێبازی ئەوان بن و نەهێڵن دوژمنان لەو پیلانەدا سەرکەوتوو بن.

سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: ڕیفراندۆم سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی کوردستان بوو و ٩٣لەسەدی گەلی کوردستان پشتیوانی بوون و یەکخستنی ئیرادەی ئازادیخوازیی کوردستانییان بوو لە سەرتاسەری جیهان، داستانەکانی پردێ و سحێلاش لە ٢٠ و ٢٦ـی ئۆکتۆبەر، وەرچەرخانی مێژوویی بوون و سەرکەوتنی ئازادیخوازیی بوو بەسەر داگیرکاری و پیلانگێڕیی دەرەکی و ناوخۆییدا.

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە پێویستە ئێوەی ڕۆشنبیران ئەو پەیامە بە لاوانی کوردستان بگەیەنن کە پێویستە ئامانجی مەزنیان هەبێت و باوەڕیشیان بەخۆیان بێت و ئایندەی گەلەکەیان هەبێت.