شەممە 27 تشرینی دووەم 2021

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئۆردۆن لە هەولێر دەکات  



ڕۆژی شەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە فواد ئەلمەجالی کونسوڵی گشتیی ئۆردۆن لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی ئۆردۆن لە هەولێر پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە خەباتی گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەدیهێنانی سەقامگیری و بوژانەوەی هەرێمی کوردستان هەبوو. هەروەها قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی لە شەڕی تیرۆرستانی داعش بەرز نرخاند و سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە سینگفراوانی میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی کردووە.

هەر لەو کۆبوونەوەیە وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و شانشینی ئۆردۆن و دۆستایەتیی دێرینی سەرکردایەتی هەردولا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان کرایەوە.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.