یەکشەممە 2 حوزەیران 2019

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک هونەرمەند و ڕۆشنبیر و نووسەری شاری سلێمانی کرد



ڕۆژی یەكشەممە 2ـی 6ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەند و ڕۆشنبیر و نووسەری شاری سلێمانی كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا هونەرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیرانی شاری سلێمانی خۆشحاڵیی خۆیان بەو دیدارە دەربڕی و بەشێک لەوانەی لەسەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا ڕۆڵیان گێڕاوە و خزمەتیان کردووە، باسی کێشە و گرفتەکانی بەردەم بزاڤی ڕۆشنبیری و هونەرییان کرد و داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد زیاتر پشتیوانیی لە خواستی هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کوردستان بکات بەجۆرێک ڕۆڵ و پێگەی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و ماندووبوونیان، لەبەرچاو بگیرێت.

سەرۆک بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و ڕایگەیاند کە ڕۆشنبیر و هونەرمەندان بەشێکی گرینگ و کاریگەری کۆمەڵگەن و هەندێجار ڕۆڵیشیان زۆر لە سیاسەتوانان زیاترە و دەتوانن خزمەتی زیاتریش پێشکەش بە گەلەکەیان بکەن، پشتیوانیی تەواویشی بۆ داوا و خواستەکانیان دەربڕێ.