چوارشەممە 25 کانوونی دووەم 2023

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات



ڕۆژی چوارشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو جنین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا تاوتوێ کران. ھەروەھا جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدرال لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان کرایەوە.

بارودۆخی سیاسی ھەرێم تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو و پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردن، سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپاتکردەوە کە بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەڵبژاردن بنەماو پڕەنسیپێکی نەگۆڕە بۆ شەرعیەت و حوکمڕانی و، پێویستە ھەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچیت. جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێ ڕەچاوی ئیرادە و بەرژەوەندیی پێکھاتەکان بکرێت و بۆ بابەتی مافەکانیان لە ھەڵبژاردن نابێت لە دەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکان ھیچ شێواز و فۆڕمۆڵێک بەسەر پێکهاتەکانی کوردستان بسەپێندرێت.