رۆژی چوارشەممە ٩ـی ئاداری ٢٠٢٢ لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کرد کە پێکھاتبوون لە خاتوو جینیفەر گاڤیتۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ڕۆبێرت پالادینۆ کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە ھەولێر و ھەروەھا ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی و سیاسی.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و دوا پێشھاتە سیاسییەکان و پڕۆسەی سیاسی و ڕێگەچارەکان بۆ تێپەڕاندنی تەحەدیات و پاراستنی سەقامگیری تاوتوێ کران.
ھەر لەو کۆبوونەوەیە جەخت لەسەر ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی عێراق لە شەڕی تیرۆر کرایەوە.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا شاندی میوان ئەوەیان دووپاتکردەوە کە ئەمەریکا بایەخێکی گرنگ بە پێگەو سەقامگیری ھەرێمی کوردستان دەدات.
بارودۆخی سوریاو پێشھاتە مەیدانیەکانی رووبەرووبوونەوەی تیرۆر لەو وڵاتە تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.