دووشەممە 13 شوبات 2023

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای حزبی شیوعیی چین دەکات



ڕۆژی دووشەممە 13 شوباتی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای حزبی شیوعیی چین کرد کە پێکھاتبوو لە سەرۆکی شاندەکە بەڕێز جوو ڕوی یاریدەدەری وەزیر لە بەشی نێودەوڵەتیی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی چین و چوو وەی باڵیۆزی چین لە عێراق و لیو زین یونگ کونسوڵی چین لە شاری ھەولێر و ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکاری حزبی شیوعیی چین.

لە دیدارەکەدا بەڕێز جوو ڕوی سەرۆکی شاندەکە کورتەیەکی لە سیاسەت و جیھانبینی حزبی شیوعی چین لە دوای کۆنگرەی بیستەمی ئەو حزبە لەمەڕ بابەتە جیھانی و ھەرێمایەتییەکان و ھەروەھا بارودۆخ و پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی وڵاتی چین بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو. ئاماژەشی بە خاڵ و چەمکە ھاوبەشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی چین دا و داواشی کرد کە پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولا پەرە بستێنێت بە تایبەت لە گۆڕینەوەی ئەزموون و شارەزایی لە بواری ئیداری و حوکمڕانی و بازرگانی و ئابووری.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان پارتی و حیزبی شیوعیی چین جەختی لەوە کردەوە کە پارتی و حیزبی شیوعیی چین بە رەسەنایەتی و بەھێزیی جەماوەریی خۆیان توانیویانە لە ڕێگەی خەباتی خۆیاندا بەسەر کۆسپ و تەحەدیاتی گەورە سەربکەون.

سەرۆک بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی چین راگەیاند و ھیواشی خواست پارتی و حزبی شیوعی چین میکانیزمی گونجاو بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەردوولا دابنێن.