شەممە 1 تشرینی یەکەم 2022

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا دەکات



ڕۆژی شەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە سێناتۆر کریستیان کامبۆن سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکانی لە ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی لە بارودۆخی عێراق و کوردستان هەبوو و ڕاشیگەیاند کە سەرۆک ماکرۆن ڕایسپاردووە کە سەردانی سەرۆک بارزانی بکات بۆ وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی لەمەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق خرایە بەر باس و بیروڕا لەبارەی ئەو ڕێککەوتنەش ئاڵوگۆڕ کرا کە لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننە و کورد لەسەر بنەمای دەستوور ئەنجامدراوە، جەختیش لەوە کرایەوە کە کێشەکانی عێراق لە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.
پەیوەست بە پەلامارە مووشەکیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان، هەردوولا لێدانی خەڵکی سڤیل و بۆردومانی قوتابخانە و شوێنی مەدەنیان بە تاوانێکی گەورە لە قەڵەم دا.

لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە بە تایبەتیش هاتنی سەرۆک ئۆڵاند لە کاتی پەلاماری داعش بۆ سەر کوردستان ئاماژەیەکی گەورەی دۆستایەتیی گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان بوو.

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتی و دۆستایەتیی گەلی کوردستان. لە کۆتایی دیدارەکەشدا میدالیای ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسای وەک دیاری پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد.