دووشەممە 14 ئازار 2022

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کرد  



رۆژی دووشەممە ١٤ـی ئاداری ٢٠٢٢ لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد، کە پێکھاتبوون لە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە و جومعە عیناد وەزیری بەرگری و عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی سیاسی حکومەتی عێراقی فیدراڵ.

لە دیدارەکەدا کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم ئامادەیی بوون، سەرۆک وەزیرانی عێراق ھاوخەمی و ھاوسۆزی خۆی بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان و شاری ھەولێر بە سەرۆک بارزانی گەیاند بۆ ئەو ھێڕشە مووشەکیەی کە کرایە سەر شاری ھەولێر و بە کارێکی تێکدەرانەو دەستدرێژی بۆ سەر تەواوی عێراق وەسف کرد. ھەروەھا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لیژنەیەکی تایبەت بۆ دەرخستنی راستییەکانی ئەو رووداوە و رەواندنەوەی چەواشەکاریەکان پێکھێنراوە.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی ھۆکار و دەرھاوێشتەکانی پەلاماری مووشەکی سەر ھەولێر ئاڵوگۆر کرد و جەخت لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی ھەردوولا بۆ پاراستنی سەقامگیری ھەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ کرایەوە.

پڕۆسەی سیاسی عێراق و تەحەددیات و دەرفەتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تەوەرێکی تری ئەو دیدارەبوون.