یەکشەممە 15 کانوونی دووەم 2023

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە دکتۆر فەریاد فازیل دەکات



ڕۆژی یەکشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مامۆستای زمان، ئەدەب و مێژووی کورد و دامەزرێنەر و سەرۆکی ئینستیتوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین، دکتۆر فەریاد فازیل کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە دکتۆر فەریاد فازیل کرد بۆ بەدەستهێنانی خاچەخەڵاتی لێهاتوویی ئەڵمانیا کە لەلایەن سەرۆککۆماری ئەڵمانیاوە پێیبەخشراوە و پێزانینی هەبوو بۆ هەوڵ ماندووبوون و نووسینی ئەو بەرهەمە زانستیانەی کە ڕۆلێکی گرنگیان لە پێشخستنی زمان و ئەدەبی کوردیدا هەبووە و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست.

هەر لەو دیدارەدا دکتۆر فەریاد فازیل سوپاسی پشتگیرییەکانی سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو خەڵاتەی پێشکەشی کراوە پێشکەش بە گەلی کورد دەکا و داواشی کرد حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زیاتر بە زمان و ئەدەبی کوردی و پاراستن و پێشخستنی بدا.