چوارشەممە 1 کانونی یەکەم 2021

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەکات



رۆژی چوارشەممە ١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین ، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە میخاییل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و شاندێکی یاوەری کرد .

لە دیدارەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سڵاوی سەرۆک پووتین و وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند و جەختی لە بایەخ و پێگەی گەلی کوردستان و ڕۆلی ھەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە کردەوەو ئەوەشی خستەڕوو کە بە لای ڕووسیاوە ھەرێمی کوردستان ڕۆلێکی گەورە لە عێراق دەگێڕێ و فاکتەری سەقامگیریە.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو ئاڵوگۆڕکران.

لە بەشێکیتری ئەو دیدارەدا ھەڕەشەی تیرۆر لەسەر سەقامگیری ناوچەکە تاووتوێ کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی تیرۆر ڕیشەکێش بکرێن.

بارودۆخی سوریا تەوەرێکیتری ئەو کۆبوونەوەیە بوو و ، سەرۆک بارزانی بۆچوون و نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی ئاییندەی گەلی کورد لە سوریا بە شاندی میوان گەیاند.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیە مێژووییەکانی گەلی کوردستان و گەلی ڕووسیا، ڕۆڵی مێژوویی بنەماڵەی بارزانی لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیە بەرز نرخاند و خوازیاری ئەوەش بوو کە پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گەشەی زیاتر ببینێت.