سێشەممە 7 کانونی یەکەم 2021

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جیلبێرت میتران دەکات



ڕۆژی سێشەممە ٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە کەسایەتی فەرەنسی و کوری خاتوو دانیێل میتران، جیلبێرت میتران کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ ھاوسۆزی و ڕۆلی مێژوویی خاتوو دانیێل میتران لە یارمەتیدانی گەلی کوردستان ھەبوو ، و بە مرۆڤێکی مەزن و دۆستێکی گەورەی وەسفکرد و جەختی لەوە کردەوە کە دڵسۆزی و فرمێسکەکانی خاتوو دانیێل میتران بۆ مەزلوومیەتی گەلی کورد ھەرگیز لە یاد ناچێ و ، راشیگەیاند گەلی کوردستان ھەرچی بۆ یادی خاتوو دانیێل میتران بکات ھەر کەمە و لە ئاست یارمەتی و دڵسۆزیی خاتوو دانیێل بۆ گەلی کوردستان نیە.

سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆک فرانسۆا میتران ، سەرۆکی کۆچکردووی فەرەنسا و ھاوسەری دانیێل میتران کرد، کە ڕۆلی بەھێزی ھەبوو بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە دوای ڕاپەرین.

سەرۆک بارزانی سوپاسی گەلی فەرەنسا و حکومەت و سەرۆکەکانی فەڕەنسای کرد کە لە ھەموو بارودۆخێکدا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوون.

لە بەرانبەردا جیلبێرت میتران سوپاسگوزاری خۆی بۆ سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان راگەیاند بەرانبەر ئەو وەفایەی بۆ خاتوو دانیێل میتران ھەیانە.

جێگەی ئاماژەپێدانە لەم دیدارەدا باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و کونسوڵی فەرەنسا لە ھەولێر ئامادەبوون.