یەکشەممە 19 ئەیلوول 2021

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ھیندستان لە عێراق دەکات  



رۆژی یەکشەممە ١٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە پراشانت پیسێ باڵیۆزی ھیندستان لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە سوبھاش چەندرا کەین کونسولی ھیندستان لە ھەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی ھیندستان لە عێراق وێرای جەختکردنەوە لە ویستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدان پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەبوو کە پەیوەندییەکانی نێوان ھیندستان و ھەرێمی کوردستان لە بواری ئەکادیمی و پزیشکی و ئابووری بەرفراوان تر ببێت.

ھەر لەو کۆبوونەوەدا رۆشنایی خرایە سەر دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و ھەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیھان و جەخت لەوەکرایەوە کە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر ھەوڵێکی جیھانی و ھەمەلایەنی پێویستە.

ھەڵبژاردنەکان داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بوو، ھەردوولا ھیوایان خواست ھەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ ببێتە ھۆی گۆرانکاری ئیجابی و بەدیھاتنی داواکاری خەڵک.