چوارشەممە 23 حوزەیران 2021

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوروێژ لە عێراق دەکات  



ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ـی حوزەیران ٢٠٢١ لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو تۆنی ئالێرز باڵیۆزی نوروێژ لە عێراق کرد.

لەدیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و دوا پێشهاتەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و هەڕەشەی تیرۆریستان لە عێراق و سووریا تاوتوێ کرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و تەحەدیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسی عێراق.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی ناوەندەکانی هەماهەنگیی سەربازی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەروەها کارکردن بۆ یەکخستن و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ئیجابی وەسفکرا.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی نوروێژ تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو و سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕۆڵ و کاریگەری نوروێژی کرد لە یارمەتیدانی ئاوارەکان و کاروباری خێرخوازی و بەشداربوون لە هاوپەیمانیتی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش.