دووشەممە 13 ئازار 2023

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق دەکات



ڕۆژی دووشەممە 13ی ئاداری 2023 لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و کۆسپەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق و جێبەجێبوونی بەرنامەی حکوومەتی عێراق تاوتوێ کران.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڕەشەکانی هزری توندڕۆیی و تاییفەگەری لەسەر داهاتووی عێراق و ناوچەکە و جەختیش لە جێبەجێبوونی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال کرایەوە.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی سوید لە عێراق ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەکات و وێڕای ئاماژەدان بە بوونی ژمارەیەکی زۆری جالیەی کورد و عێراقی خوازیاری ئەوە بوو پەیوەندییەکانی نێوان سوید و هەرێمی کوردستان و عێراق لە بوار جیاجیاکان پەرەی زیاتر بستێنێت. هەروەها سەرۆک بارزانیش سوپاسی گەل و حکوومەتەکانی سویدی کرد کە هەمیشە لە ڕۆژانی تەنگانەدا دەرگەیان بەڕووی گەلی کوردستان کردوەتەوە و پاڵپشتی دۆزی گەلی کوردستان بوون.