ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە برۆنۆ ئەنتۆنیۆ پاسکوینۆ باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئیتالیا بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتایھێنانی ئەرک و کاری لە عێراق سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی کردبوو، پێزانینی بۆ خۆڕاگری وقوربانیدانی گەلی کوردستان لە شەری تیرۆر ھەبوو ، ئەوەشی دووپات کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتیکردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.
باڵیۆزی ئیتالیا گەلی کوردستانی وەک دۆستی نزیکی گەلی ئیتالیا وەسف کرد و جەختیشی لە کاریگەری ھەرێمی کوردستان لە سەقامگیری عێراق و ناوچەکە کردەوە .
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکومەتی ئیتالیای کرد کە پاڵپشتی گەلی کوردستان و پێشمەرگە بوونە و پێشوازیشی لە پەرەپێدان و دۆستایەتی و پەیوەندیەکانی ھەردوولا کرد.
بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەرئەنجامەکانی، تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون. پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندرۆیی هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی هاوبەشە لەسەر هەموو جیهان و ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی تیرۆر هێشتا هەر ماون و چارەسەر نەکراون.
جێگەی ئاماژە پێکردنە مێشێلێ کامێرۆتا کونسوڵی نوێی ئیتالیا لە ھەولێر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو ، سەرۆک بارزانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کارەکانیدا.