دووشەممە 15 حوزەیران 2020

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق دەکات  



ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ـی ٦ـی ٢٠٢٠ سەرۆک مسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هێیکی باڵوێزی بەریتانیا لە بەغدا کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێز جەیمس سۆرنتۆن کونسلی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە دوایین ڕووداوی بڵاوبوونەوە و بەرەنگاری پەتای کۆڕۆنا و باری سیاسی و ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرا.

هەروەها ئەو کێشە و قەیرانانەی ڕوویان لە عێراق بە گشتی کردووە و هەنگاوە نوێیەکانی حکوومەتی تازەی عێراق و پەیوەندی هەرێمی کوردستان بە حکوومەتی فیدراڵ و تەحدییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.

لەم ڕاستەدا هەردوولا هەڕەشە و مەترسییەکانی داعشیان بە جددی وەسفکرد بە تایبەتی کە جموجۆڵەکانیان بەم دواییە لە زۆر ناوچەی عێراقدا پەرەی سەندووە.
لەم بارەیەوەش بەردەوامی پشتگیری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ زانرا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

هەروەها پەیوەندی بەریتانیا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو.