چوارشەممە 19 ئەیلوول 2018

سەرۆک بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و نوێنەرانی پێکهاتەکان و چین و توێژەکانی شاری هەولێر کۆبۆوە



 

سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی و ڕەوشتی بەرزی بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو و میواندۆستیی خەڵکی شاری هەولێری کرد و ڕایگەیاند کە ئێوە سەلماندووتانە نیشتیمانپەرەوەر و خاوەن ڕەوشتێکی بەرزن و بەو ڕەوشتە بەرزەتانەوە نەتانهێشت ئاسایشی شارەکەتان تێکبچێت و بەوەیش خزمەتێکی گەورەتان بە سەقامگیری و ئاسایشی کوردستان کرد.

ئەو وتانەی سەرۆک بارزانی لە دیدارێکدا هات کە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ـی ئەیلوولـی٢٠١٨ لە هەولێر لەگەڵ کەسایەتی و نوێنەرانی پێکهاتەکان و چینوتوێژەکانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵی جوامێرانەی خەڵکی شاری هەولێر کرد لە حەواندنەوە و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و میواندۆستییان و نموونەی دیاریش لە کاتی ئەنفالی بارزانییەکانەوە تا ئێستا کە هەمیشە میواندارێکی ڕووخۆش بوونە و ڕایگەیاند: ئێوە سەلماندووتانە نیشتیمانپەرەوەر و خاوەن ڕەوشتێکی بەرزن و ئەو ڕەوشتە بەرزە لە هەولێر پیرۆز بێت.

سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند کە خەڵکی هەولێر سەرەڕای ئێش و ئازار و سەختییەکان بەو ڕەوشتە بەرزەیانەوە سەقامگیریی شارەکە و ناوچەکەیان تاڕادەیەکی زۆر پاراست و هاوکارێکی گرینگیش بوون بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو کوردستان.

هەر لەوکۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و باسی هۆکارەکانی بڕیاردانی گەلی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و قۆناخی دوای ڕیفراندۆم و خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەر و دەرهاویشتەكانی ئەو خیانەتە لەسەر تەواوی كوردستان کرد و ڕاشیگەیاند کە دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو هەوڵکیان دا خەڵکی عێراق دژی گەلی کوردستان هان بدەن و جیاوازیی و کێشەکانی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا بکەنە کێشەی نێوان کورد و عەرەب، بەڵام خۆشبەختانە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ڕابردوو ئەوەی دەرخست کە خەڵکی عێراق لەگەڵ ئەوان نین و باوەڕیان بە چەواشەکارییەکانی ئەوان نەکردووە و ئەو دەموچاوانەیان سزا دا کە گەلی کوردستانیان ئازار داوە.

هەروەها لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەگەرچی ناحەزان پێیان وابوو پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی پشتیوانیی تەواوی بۆ ڕیفراندۆم کەوتۆتە ژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی و هەڵدەوەرێت، بەڵام دەرکەوت کە بەهیممەتی کادیران و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و جەماوەری گەلەکەمان، پارتی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات و ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وبەغدا کرد و ڕایگەیاند ئێمە بەردەوام باوەڕمان وابووە کە تا لەگەڵ عێراق بین پێویستە باشترین پەیوەندیمان هەبێت و هەمیشە ئاشتی و گفتوگۆ بژاردەی ئێمە بووە، ئێمە شەڕمان نەویستووە و دژی شەڕین، بەڵام کە ناچار کرابین، ڕووبەڕوویان بووینەتەوە و پارتی خۆی بەخت دەکات بۆ پاراستنی خاک و کەرامەتی گەلی کوردستان.

لەوچوارچێوەیەشدا سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە كەرامەت و خاكی نیشتیمان و ڕایگەیاند ئێمە هەموومان قەرزاری پێشمەرگەین، چونكە تەنیا پێشمەرگە بوو كە هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و كوردستانی پاراست.

سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێستای نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانی چڕ و تاڕادەیەک تێگەیشتنێک هەیە بۆ ئەوەی کە پێویستە ئەنجوومەنێكی باڵای سیاساتی ستراتیژی كە لایەنی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت دابمەزرێت، ئەویش بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێویستە بڕیارە ستراتیژییەكان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن. ڕوونیشی کردەوە کە ئەو ئەنجوومەنە دەبێتە گرێنتییەک بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکانی عێراق و ڕێگەگرتن لە بڕیاری تاکڕەوانە. هەروەها ئامژەشی بەوە کرد کە ئێمە پێداگری دەکەین کە نابێ حوکمی تاکڕەوی هەبێت و پێویستە حکوومەت لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەکی دابمەزرێت: شەراکەتی ڕاستەقینە لە بڕیارەکان، کە بەبوونی ئەنجوومەنی باڵای سیاساتی ستراتیژی گرێنتی دەکرێت، پابەندبوون بە تەوافق لە دەرچوونی یاساکان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی لە دامودەزگاکانی حکوومەت لەنێوان پێکهاتەکاندا.

لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستانیشەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند پشتیوان بە گەلەکەمان، پارتی سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنێت و بەو سەرکەوتنەش حکوومەتێکی بەهێز و تۆکمە دێتەکایەوە کە بتوانێ چاکسازیی ڕیشەیی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هەرێمی كوردستان بكات.

سەرۆک بارزانی جەختیی کردەوە کە پارتی بەڵێنی بێ کردەوە نادات، ئێمە خاوەن ئامانجێکی ستراتیژیین و بەپێی سیاسەتی ڕۆژ هەڵوێست ناگۆڕین و هیچ پاشەکشەیەکیش لەو ئامانجە ستراتیژییە ناکەین. هەر کەس و لایەنێکیش ئامانجی ستراتیژی هەبێت دەبێ ئامادە بێت گیانی خۆی لەپێناویدا بەخت بکات، بۆیە پارتی هەمیشە لەپێناو پاراستن و بەختەوەریی گەلەکەماندا خۆی بەخت دەکات.

لەکۆتاییشدا سەرۆک بارزانی دڵنیایی بە ئامادەبووان و خەڵکی کوردستان بەخشی و ڕایگەیاند: بڕوای تەواوم هەیە کە گەلەکەمان سەردەکەوێت.