شەممە 13 ئازار 2021

سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كوتلەی وزاریی پارتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات



ڕۆژی شەممە ١٣ـی ٣ـی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی پارتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
 
لە كۆبوونەكەدا سەرەتا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان كورتەیەكی لەبارەی كار و بەرنامەكانی حكوومەت و هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی لە بواری كەرتی نەوت و پێشمەرگە و بوارە جیاجیاكانی تر و هەنگاوەكان بۆ زیادكردنی داهاتی حكوومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان خستەڕوو. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە كابینەی حكوومەتی هەرێم وەك تیمێكی هەماهەنگ و پتەو و بە بێ جیاوازیی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات و هەوڵی ئەوەش دەدات كە بۆ دابینكردنی داهات و خزمەتكردنی خەڵك پشت بە خۆی و تواناكانی هەرێم ببەستێت.
 
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە كرد و لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێشهاتەكان لە ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و یەكڕیزیی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم ڕوونكردنەوە و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو. هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی تیمی پارتی لە حكوومەت كرد و ڕایگەیاند پێویستە كە هەمووتان خۆتان بە خزمەتكاری گەلی كوردستان بزانن و دەبێ لەناو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە و خەڵكی هەژاری وڵاتدا بن و هەموو هەوڵەكان لە دەوری ئەوەدا چڕ ببێتەوە كە دەستەڵات بە دروستی و بۆ خزمەتی جەماوەر بە كار بهێندرێن. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوەدا كە ڕێبازی بارزانی ڕێبازی خزمەتكردنی خەڵكە و پێویستە خەڵكی كوردستان كەرامەتی خۆی لە حكوومەتەكەی خۆیدا ببیننەوە.
 
لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی هەرێم دووپات كردەوە و داوای كرد كە حكوومەت بە پێداگری و هێزەوە لەسەر پڕۆسەی چاكسازی بەردەوام بێت و ئامادەیی خۆشی ڕاگەیاند كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی ئەوەی پێویست بێت یارمەتیدەری حكوومەتی هەرێم دەبێت.