چوارشەممە 7 ئەیلوول 2022

سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكات  



ڕۆژی چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و، بەڕێز ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سڵاوی سەرۆك بایدنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و هێمای بەوە دا كە سەرۆك بایدن بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و، هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لە ئەولەوییەتەكانی سیاسەتی دەرەكیی وڵاتەكەی و جەختیشی لەوە كردەوە كە سەروەری و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق، بناخەیە بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی ناوچەكە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی پەرۆشیەكی زۆری بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە و، وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور، داوای كرد كە سەرۆك بارزانی بە حیكمەت و كاریگەریی خۆی پتر بە ڕۆڵی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی بنبەستی سیاسیی عێراق هەڵبستێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سڵاو و ڕێزی بۆ سەرۆك بایدن هەبوو. هەروەها كورتەیەكیشی لەمەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆكارەكانی بنەبەستی سیاسیی عێراقی خستەڕوو. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە سەرچاوەی كێشەكان و قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە دەستوور و نەمانی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان لە پڕۆسەی سیاسی و ڕێزنەگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دیموكراسی دەگەڕێتەوە.

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە پێویستە بابەتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن و هەر ڕێككەوتن و پێكهاتنێك دەبێ لەسەر بنەمای دەستوور بە ڕوونی و بە جددی كاری لەسەر بكرێت. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە لە عێراقدا دەبێ بۆ چارەسەری كێشەكان فەرهەنگی یەكترقبووڵكردن هەبێت و، نابێ هیچ لایەنێك هەوڵی سڕینەوەی لایەنی تر بدات و دەبێ ڕێز لە دەستوور بگرێت. سەبارەت بە بیرۆكەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هیچ لاریەكمان لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نیە بە مەرجێك زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ بكرێت و هیچ لایەن و پێكهاتەیەك پەراوێز نەخرێت و ڕێزیش لە ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێك بگیرێت كە بەڕێوەدەچێت.