دووشەممە 15 تشرینی یەکەم 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ڕووناكبیر و مێژوونووس ئیسماعیل بێشكچی دەكات



ڕۆژی دووشەممە 15ـی 10ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دۆستی گەلی كورد و ڕووناكبیر و مێژوونووسی تورك ئیسماعیل بێشكچی كرد.

لەدیدارەكەدا ئیسماعیل بێشكچی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی كوردستان و مانگی پێنجی عێراق بە گرنگ و مانادار وەسف كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە ئەو سەركەوتنانەی لیستی پارتی ئاماژەیە بەوەی كە سەرۆك بارزانی خاوەندارێتیی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دەكات.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستەكانی ئیسماعیل بێشكچی كرد لەمەڕ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و پێزانینیشی هەبوو بۆ هەوڵ و چالاكی و نووسینەكانی بێشكچی لە پشتگیریكردنی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە بێشكچی بۆ هەموومان جێگەی شانازییە و سیمبۆڵە و بۆچوون و تێڕوانینەكانی لەبارەی گەلی كوردستان جێگەی بایەخدانێكی زۆرە.

 سەرۆك بارزانی لەدرێژەی وتەكانیدا ڕۆشنایی خستەسەر ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر و هەروەها سەركەوتنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەوەی دووپاتكردەوە كە گەلی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستانی بەهۆی پێداگری لە مافەكانی گەلی كوردستان و هەڵوێستە نیشتیمانییەكانی پاداش كرد و سەركەوتنی پارتی بەهۆی بەرگریكردنی بووە لە ماف و ئیرادەی گەلی كوردستان.

خۆڕاگری و تێكۆشانی گەلی كوردستان و مێژووی خەباتی خانەوادەی بارزانی و دەڤەری بارزان تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.