دووشەممە 31 ئایار 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە پارێزگاری بەسڕا دەكات  



ڕۆژی دووشەممە ٣١ـی ئایاری ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسڕا كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی پارێزگای بەسڕا و ڕەوشی خزمەتگوزاری و گوزەرانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و، پارێزگاری بەسڕا پێزانینی هەبوو بۆ ئەو بووژانەوە و پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستاندا لە ئارادایە و خوازیاری سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكان بوو.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی فەرهەنگی پێكەوەژیان و هەروەها پەیوەندییە مێژووییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و شاری بەسڕا و پارێزگاكانی باشووری عێراق كرایەوە.