سێشەممە 10 ئەیلوول 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری پلاندانانی عێراق دەكات



ڕۆژی سێشەممە 10ـی 9ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دكتۆر نووری ئەلدلێمی وەزیری پلاندانانی عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا وەزیری پلاندانانی عێراق پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە قۆناغە جۆراوجۆرەكانی ژیانی سیاسیی عێراق و هەوڵەكانی بۆ قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە پێكهاتەكان بەرز نرخاند. سوپاسی سەرۆك بارزانی و خەڵكی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە لە ڕۆژانی سەختی شەڕی داعشدا میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەی عێراقییان كردووە.

وەزیری پلاندانانی دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد كە ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی پارلەمانتارانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی بەرگریكاری ماف و داواكاریی هاووڵاتیانی پارێزگاكانی تری عێراقیش بن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و پلانەكانی حكوومەتی عێراقی لەمەڕ پڕۆسەی گەشەپێدان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق و هەروەها ئاوەدانكردنەوە و باشتركردنی ژیانی خەڵك تاوتوێ كرا.‎