سێشەممە 17 ئەیلوول 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و پارلەمان دەكات  



ڕۆژی سێشەممە 17ـی 9ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڤێرماڤالی مۆرالی دەھاران وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و پارلەمان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و پارلەمان، پێزانینی خۆی بۆ قوربانیدانی گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان ڕاگەیاند و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە بە باشی لە ئێش و ئازارەكانی گەلی كوردستان گەییشتووە، خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بەو پێشڤەچوونەی كە لە بواری گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە كە لەسەر ڕێچكەیەكی دروستیشە.

وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و پارلەمان، ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و، داوای كرد كە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان لە بواری كولتووری و تەندروستی و بازرگانی پەرە بستێنێت.

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ كاروباری دەرەوە و پارلەمان و شاندی یاوەری كرد و گەلی هیندستانی بە گەلێكی مەزن و خاوەن مێژوو وەسف كرد، هەروەها مەهاتما گاندیشی بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ گەلانی ئازادیخواز و ڕزگاربوون لە چەوسانەوە لە قەڵەم دا. سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هیندستان نیشان دا.

هەر لەو دیدارەدا هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی لەسەر ئاساییشی جیهان تاوتوێ كرا و جەخت لە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی و جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كرایەوە.