سێشەممە 15 کانوونی دووەم 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات



ڕۆژی سێشەممە 15ـی 1ـی 2019 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی لە ڕاستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق كرد و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە پێگە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخ و گرنگییە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرفەت و كەشوهەوایەكی نوێ هاتۆتە ئاراوە و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدادا ماون.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و سەرۆك بارزانی بۆچوون و نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران گەیاند.

پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و هەر دوولا جەختیان لە دۆستایەتی و پەیوەندیی دوولایەنە كردەوە.