سێشەممە 15 کانوونی دووەم 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دەكات



ڕۆژی سێشەممە 15ـی 1ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژان ئیڤ لودریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە كەشوهەوای نوێ لە عێراق و ناوچەكە، پێزانینی بۆ قوربانیدانی گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هەبوو و جەختیشی لەوە كردەوە كە لەپێناو بەدیهاتنی سەقامگیری و دەرنەكەوتنەی تیرۆر لە عێراق پێویستە ڕێز لە پێكهاتەكانی دەوڵەتی عێراق و بە تایبەت ڕێز لە هەرێمی كوردستان و پێگە و كاریگەرییەكەی بگیرێت.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕاشیگەیاند كە وڵاتەكەی پشتیوانی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و هاوكاریی سیاسی و سەربازی و پەیوەندییە فەرهەنگی و ئابوورییەكانی لەگەڵ كوردستان پەرە پێدەدات و خوازیاری ئەوەیشە كە لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق بەشدار بێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسا و شەخسی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای كرد كە دۆست و پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و ئاماژەیشی بە سەردانی سەرۆك هۆلاند بۆ كوردستان كرد كە لە كاتی تەنگانەدا سەردانی كوردستانی كرد و ئەوەی دووپات كردەوە كە فەڕەنسا دۆستێكی مەزنی گەلی كوردستانە. لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە خۆشحاڵە بەو پەیوەندییانە و هیچ سنوورێك بۆ دۆستایەتی و پەیوەندیی لەنێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسادا نییە.

پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە كەشوهەوایەكی نوێ و متمانە و بارودۆخێكی ئەرێنی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست كە ئەو گرفتانەی كە لەنێوان هەردوولا ماوەن لەڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن چارەسەر بكرێت. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ڕاستە داعش لەڕووی سەربازی تێكشكاوە بەڵام پێویستە ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش نەمێنن بۆ ئەوەی جارێكی تر داعش سەرهەڵنەداتەوە.

لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا هەردوولا نیگەرانییەكانی خۆیان نیشاندا و ئەوەیان دووپات كردەوە كە پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناو سووریا نابێ ببێتە هۆی ئەوەی گەلی كورد و هاووڵاتیانی كورد لە سووریا باجەكەی بدەن. پەیوەست بە بارودۆخی گەلی كورد لە سووریا و چارەسەركردنی گرفتەكان سەرۆك بارزانی بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی بۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا خستەڕوو.