سێشەممە 27 نیسان 2021

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران دەكات



ڕۆژی سێشەممە ٢٧ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و نەسروڵڵا ڕەشنوودی كونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و مەهدی شوشتەری كۆنسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی و ژمارەیەك لە كاربەدەست و ڕاوێژكارانی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە دیدارەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێر و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دواپێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڕەشە و تەحەددیاتی بەردەم عێراق تاوتوێ كرا. هەروەها وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند كە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی تایبەتی هەیە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ڕێگەكان بۆ گەییشتن بە سەقامگیری و ئارامی عێراق و ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە.

ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ لە مەڕ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال و، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تەوەری دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.