شەممە 7 ئەیلوول 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هاوسەرۆك و شاندێكی باڵای پارتی دیموكراسیی گەلان (هەدەپە) دەكات



ڕۆژی شەممە 7ـی 9ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەزای تەمەللی هاوسەرۆكی پارتی دیموكراسیی گەلان (هەدەپە) و جێگری هاوسەرۆك و ژمارەیەك لە پارلەمانتارانی ئەو حزبە لە پارلەمانی توركیا كرد.

لە دیدارەكەدا هاوسەرۆكی هەدەپە پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە هاوكێشە سیاسییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەبات و پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد. هەروەها كورتەیەكی لە بارودۆخی سیاسیی توركیا و كێشەی گەلی كورد لە وڵاتە و، سیاسەت و دیدگەی حزبەكەی لەمەڕ چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەی كورد و بەدیهێنانی ئاشتی و تەبایی نێوان گەلانی ناوچەكە و وەدەستخستنی یەكڕیزی و یەكوتاریی لایەنە كوردییەكان بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە. داوایشی كرد كە سەرۆك بارزانی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵ و پێگەیەی كە لەناو كوردستان و ناوچەكەدا هەیەتی، یارمەتیی چارەسەری ئاشتیانە و سیاسییانەی كێشەی كورد بدات.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سەردانی شاندی هەدەپەی بۆ هەرێمی كوردستان بە گرنگ وەسف كرد و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە هەر پارچەیەك لە كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ڕایگەیاند بۆ دووركەوتنەوە لە ئاڵۆزییەكان پێویستە لایەنە كوردییەكان ڕەچاوی ئەو تایبەتمەندییانە بكەن كە لە هەر بەشێكی كوردستاندا هەیە. جەختیشی لەوە كردەوە كە هیچ كێشەیەك بە كێشەی گەلی كوردیشەوە بە شەڕ و توندوتیژی چارەسەر ناكرێت و دواجار دەبێ ڕێگەچارەی سیاسی و ئاشتیانە سەر بكەوێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكانیدا ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە بۆ یارمەتیدانی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا و بەشەكانی تر لە هیچ هەوڵێك درێخی ناكات و ئەوەی لە دەستی بێت بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامی دەدات. سەرۆك بارزانی داوایشی لە شاندی میوان كرد كە سەرباری ئاڵۆزی و بوونی گرفتی قووڵ بە هیچ شێوەیەك لە چارەسەری ئاشتی نائومێد نەبن و ڕێگەیش نەدەن كە بوونی ناكۆكیی سیاسیی ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناكۆكیی نەتەوەیی نێوان كورد و تورك.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا فازڵ میرانی سكرتێر و هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی و عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندیی نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون.