یەکشەممە 2 ئەیلوول 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات



ڕۆژی یەكشەممە 2ـی 9ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان كۆبیچ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دواین هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت و یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرا و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ڕۆڵی سەرۆك بارزانیی لە یەكلاییكردنەوەی هاوكێشەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەرز نرخاند و هاوكاتیش بۆچوون و نیگەرانییەكانی ڕێكخراوەی نەتەوەیە یەكگرتووەكانی لەمەڕ پڕۆسەی سیاسیی عێراقی دوای هەڵبژاردن بە سەرۆك بارزانی گەیاند و داوایشی كرد شەراكەتی ڕاستەقینە بۆ هەموو پێكهاتەكان لە عێراقدا بێتە كایەوە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی هێمای بەو هۆكارانە دا كە لە ماوەی ڕابردووە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی كێشەكان و پێشێلكردنی دەستوور و نەمانی شەراكەت لە عێراقدا. ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە پۆست و كەسەكان نییە بەڵكو بەرنامە و مەنهەجی حوكمڕانی بایەخی هەیە كە پێویستە لەسەر بنەمای سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی بێت.

 سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بۆ ڕێگەگرتن لە تاكڕۆیی و پەراوێزخستنی پێكهاتەكان پێویستە گەرەنتی و میكانیزمی ڕوون بۆ جێبەجێكردن و پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكان و سێ پڕەنسیپە سەرەكییەكە هەبێت.

پەیوەست بە كەركووك و ناوچەكانە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەرۆك بارزانی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی تری لە ڕێگەی جێبەجێكردنی دەستوور یان بەهۆی ڕێككەوتنێكی دوو لایەنە لەنێوان هەرێم و بەغدا بە ئەولەویەتی سەرەكیی لایەنە كوردستانییەكان و بە ڕێگەیەك  بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو ناوچانەی لە قەڵەم دا  و نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەوە ئاگادار كردەوە كە ئەو واقعەی ئێستا بە زۆری چەك و داگیركاری دروست بووە بە هیچ شێوەیەك چاوپۆشی لێناكرێ و قبوڵ ناكرێ و پێویستە ئەو واقعە نەمێنێت.