پێنجشەممە 27 کانونی یەکەم 2018

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات



ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی 12ـی 2018 لە سەلاحەددین پێشوازی لە خاتوو جێنین هێنیس پلاسخەرد نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی خاتوو جێنین هێنیس پلاسخەردی وەك نوێنەری تازەی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

هەر لەو دیدارەدا شەڕی دژی تیرۆر و مەترسیەكانی هزری تیرۆر لەسەر ئاساییشی عێراق و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ڕاستە داعش لە ڕووی سەربازییەوە شكاوە بەڵام هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر پێویستە نەهێڵدرێن ئەگینا مەترسیی تیرۆر بە شێوەیەكی تر سەرهەڵدەداتەوە و بە پێویستیشی زانی كە شەڕی فكری و كۆمەڵایەتی و ئابووریی تیرۆر بكرێت.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا و سەردانی مانگی نۆڤەمبەری ڕابردووی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەڕێز عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق نیشان دا و بە سیاسییەكی كراوە و لایەنگری دیالۆگی وەسف كرد كە بە باشی لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانیش دەگات و ئەوەیشی خستە ڕوو كە كوردستان هەمیشە ڕێگەی لێكتێگەییشتن و دیالۆگی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان گرتۆتە بەر.

پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و بارودۆخی كەركووك تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.