یەکشەممە 23 شوبات 2020

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات



ڕۆژی یەكشەممە 23ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو هنیس جنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و هەڕەشە و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە قووڵتربوونی قەیرانی سیاسیی عێراق ڕاگەیاند.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ئەگەر و چارەسەرەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی و ڕاستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق كرایەوە.